30/08/2025
فتق (گەدەپۆس)
فتق بریتییە لە ئاوساوی لە ئەنجامی لاوازبوونی ماسولکە یان شانەکانی ناوەوەی لەش . لە هەندێک شوێنی لەشدا دروست ئەبێت، وەک؛ دیواری سک، بن ڕان و جێنەشتەرگەری دیواری سک و ناوپەنچک(پەردەی نێوان سک و سنگ)
نیشانەکانی
زۆربەی کات هیچ نیشانەیەکی نییە و کەسی تووشبوو هەست بەئاوساوییەک ئەکات بەتایبەت لەکاتی جوڵە، بەپێوە وەستان، هەڵگرتنی شتی قورس، کۆکە، پشمین و قەبزیدا. هەندێک جار ئەشێ ئاوساویەکە ئازاری لەگەڵدابێت ، کە ئەوەش نابێت فەرامۆش بکرێت و باشترە پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت و ئەگەر فتقەکە گیرابێت (نەگەڕانەوەی ئاوساوی فتقەکە بۆ باری ئاسایی)ئەبێت نەشتەرگەری بەشێوەی کتوپڕی بۆ بکرێت.
جۆرەکانی
- [ ] بن ڕان؛ باوترین جۆری فتقە بە ڕێژەی ٧٥٪ کۆی جۆرەکانی فتق و زیاتر لە ڕەگەزی نێر دا دروست ئەبێت.
- [ ] ناوەڕاستی دیواری پێشەوەی سک( ناوک، تەنیشت ناوک و سەروو ناوک)
- [ ] فتقی جێنەشتەرگەری؛ هەموو نەشتەرگەرییەکی سک ئەگەری تووشبوونی بە فتقی جێنەشتەرگەری هەیە، لەئەنجامی لاوازبوونی یان بڕینی ماسولکە و شانەکانی ناوەوەی دیواری سک دروست ئەبێت.
- [ ] ناوپەنچک؛ لەئەنجامی فراوانبوونی دەرچەی سورێنچک بەهۆی فشاری ناوسک و تەمەنەوە بەشێک لە گەدە ئەچێتە بۆشایی سنگەوە.
هۆکارەکانی؛
- [ ] بۆماوەیی .
- [ ] ئیشی قورس و زۆر بەپێوە وەستان.
- [ ] نەخۆشی؛ کۆکە و پشمینی درێژخایەن، قەبزی و بە گران میزکردن.
- [ ] نەشتەرگەری دیواری سک.
- [ ] دووگیانبوون، بەتایبەت ئەگەر نێوانی دووگیان بوون کوورت بێت.
- [ ] قەڵەوی.
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
هەموو جۆرەکانی فتق پێویستیان بە ڕێنمایی و زۆر جاریش نەشتەرگەری هەیە، چونکە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەمەن و دروست بوونی ئازار و گیرانی فتق بەتایبەت ئەگەر نەخۆش نیشانەکانی گیرانی ڕیخۆڵەی لەگەڵدابێت وەک؛ ڕشانەوە و بەرزی پلەی گەرمی و زیاد لێدانی ترپەی دڵ پێویستە بەزووترین کات سەردانی پزیشکی نەشتەرگەر بکات و نەشتەرگەری کتوپڕی بۆ ئەنجام بدرێت.
بەهیوای تەندروستی باش
دکتۆر بەختیار اسماعیل محمود
پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و ناوسکبینین
کلینیکی ڕاوێژکاری نەخۆشخانەی شاری ئێواران
ژ.م: ٠٧٧٠٦٨٣٦٠٤١