22/02/2026
لەم پارجە ڤیدیۆ نوێیەدا، کە کۆلێژەکەم، کۆلێژی شاهانەی بەریتانیا بڵاوی کردووەتەوە، لەسەر بابەتێکی زۆر جوان بە ناونیشانی (ئاوێنەی تەندرووستی) کە باس لە ڕۆڵی زانایانی پزیشکیی موسوڵمان دەکات لە سەردەمی زێڕینی ئیسلامدا و ڕۆڵیان لە بەرەو پێش خستنی زانستی پزیشکیی.
لە ناوی مۆزەخانەکەی کۆلێژی شاهانە، کە دەرفەتم هەبوو خۆشم بیبینیم، لەم ڤیدیۆیەشدا وێنەکان پیشان دەدات، چەندەها کتێبی مێژوویی بە نرخی زانا موسوڵمانەکان هەڵگیراون وەکو ئیبن سینا و ئەلڕازی.
بەشی زۆری ئەم کتێبانە لە لایەن پزیشکانی ئیتاڵییەوە کە جوگرافیایان نزیک بووە لە ووڵاتە موسوڵمانەکان وەرگێڕدراوە بۆ لاتین. ئەو پزیشکە کریستیان و ئەوروپیانە هەمووی خۆیان فێری عەرەبییەکی باش کردووە هەتا بتوانن ئەم وەرگێڕییە بکەن.
ئیبن سینا کە کتێبی (قانون فی ئەلتوب)ی نوسیوە یەکەم کەس بووە لە مێژوودا کە تێکستبووکێکی تەواو بنووسێت لەسەر نەخۆشی و دەرمانسازی بە ئاسانی بۆ خوێندکارانی ئەو سەردەمە.
ئەل ڕازی یەکەم (کلینیشن) واتە پزیشکی کرداری بووە کە بە جوانی توانیویەتی ئەو زانستە گرێدراوە کۆنەی پزیشکی بەرجەستە بکات لە چارەسەری نەخۆشەکاندا.
شایەنی باسە، زۆربەی کتێبە پزیشکییە مێژوویەکانی موسوڵمانان هاوشانی ئەوروپییەکان لە ئاگرە گەورەکەی لەندەن تیاچوون بەڵام بەشێکیان ماون لە کتێبخانەکەی کۆلێژی شاهانە.