05/11/2021
سەرەتا ئەبێ بزانین تامیسک بریتیە لە نەخۆشیەکی ڤایرۆسی کە بەهۆی ڤایرۆسی Herpes Simplex Virus (HSV) Type 1&2دروست ئەبێ ، بە دوو جۆر دەردەکەوێت
یەکەمی ( primary ) :-بە شێوەی گشتی تووشی هەموو کەسێک ئەبێت ، بەتایبەتی لە مناڵان دا ڕوودەدات ، ئەگونجێ بێ نیشانە بێت و ئەشگونجێ ببێتە هۆی تایەکی بەرز و برینێکی زۆری دەم و لێو کە ماوەی دوو هەفتەیەک ئەخایەنێت , پێی ئەڵێن دەم ئێشە (primary herpetic gengivostomatitis) یان ببێتە هۆی تا و برینی کۆئەندامی زاوزێ ..
دووەمی یان دوبارەیی ( Recurrent ):- بە شێوەیەکی سووکتر دەرەکەوێت ، وەکو تامیسکی لێو یان تامیسکی ئەندامی زاوزێ یان تامیسک لە هەر شوێنێکی تری پێست .
برینەکان لە شێوەی کۆمەڵێک بڵقی وردی زۆر بە ئازارن لە تەنیشت یەک ڕیز ئەبن لەگەڵ کزانەوە و هەندێکجار سڕبوون، پاش ٢-٣ رۆژ بڵقەکان جەراعەت ئەکەن و ئەتەقن و قەتماغە ئەکەن و بەرەو چاک بوونەوە ئەڕۆن ، هەندێ کات پێش دروست بوونی تامیسکەکە نەخۆشەکە هەست بە سڕ بوون و برژانەوەی پێستەکە ئەکات.
هەنێکجار ڤایرۆسەکە ئەگوازێتەوە بۆ پەنجەکانی دەست و ئەبێتە هۆی (Herptic whitlow) کە زیاتر ئەو مناڵانە ئەگرێتەوە کە پەنجەیان ئەمژن ، یان پزیشکانی ددان کاتێک بەرکەوتنیان لەگەڵ دەمی نەخۆشەکەدا ئەبێت.
چۆن تووش ئەبم 🤔 ؟
تامیسک لەڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسی تووشبوو ( جا نیشانەی هەبێت یان نا ) ئەگوازرێتەوە ، هەروەها تامیسکی کۆ ئەندامی زاوزێ عادەتەن لە ڕێگەی کرداری سێکسی لەگەڵ کەسی تووش بوو بگوازرێتەوە بەڵام مەرجیش نیە هەمووکاتێک .
کاتێک بۆ یەکەمجار ڤایرۆسەکە دێتە جەستەتەوە،ئەگونجێ نیشانەت تووش نەکا یان نیشانەی قورست تووش بکا ، وەکو تا و دەم ئێشە و برینی ئەندامی زاوزێ و گەورە بونی لیمفە گرێکانی مل و ڕان هتد..پاشان بە شێوەی ناچالاک لە گانگلیۆنی هەستە دەمارەکاندا ئەمێنێتەوە ، هەرکاتێک بەرگری جەستە تێکچوو یان لاواز بوو ، وەکو لە کاتی نەخۆشی تر و تا و قەلەقی و نەشتەرگەری بەرکەوتنی تیشکی خۆر و سوڕی مانگانە هتد.. ئەم ڤایرۆسە چالاک ئەبێتەوە و ئەبێتە هۆی دروست بوون تامیسک لە لێو یان ئەندامی زاوزێ
ئاڵۆزیەکان :-
ئەگونجێ نەخۆشیەکە بڵاو بێتەوە و بیداتە هەموو پێست بەتایبەتی لەو کەسانەی نەخۆشی ئێکزیمایان هەیە یان بڵاوبێتەوە بۆ چاو یان بۆ مێشک .هەندێک جار ئەبێتە هۆی دەرکەوتنی پەڵەی سووری بە خوروو لە دەست و قاچ ( Erythema Multiforme)
چارەسەر💊 :-
چارەسەری گشتی :هەندێک جار هیچ چارەسەر پێویست ناکات بەتایبەتی ئەگەر برینەکە کەم بێت و بە سووکی گرتبێتی ، بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن و دژە تا ، ئەنتیبایۆتیک ئەگەر برینەکان تووشی ئیلتیهابی بەکتریایی بووبن ، بەکارهێنانی دژە خۆر لە دەم و چاو و لێو لەو کەسانەی بە تیشکی هەتاو تووشی تامیسکەکە ئەبنەوە ، هەروەها جیاکردنەوەی خاولی و کەل و پەلی کەسەکە لە ئەندامانی تری خێزانەکە،
دەرمانی تایبەتی :-
حەپ و دەرزی , Acyclovir , Famcyclovir Valacyclovir
هەروەها foscarnet یان cidofovir
کە پزیشک بڕیاری لێ دەدات چ جۆرێکیان هەڵبژێرێ بە پێی نەخۆشەکە
ئەگەر ئافرەتی دووگیان لە کۆتایی دووگیانیەکەیدا تووشی تامیسکی کۆ ئەندامی زاوزێ ببێ پێویستە پزیشکی ژنان بیبینێت زۆربەی جار جۆری مناڵ بوونەکەی لە مناڵبوونی ئاسایی بۆ ئەکات بە نەشتەرگەری لەبەر مەترسی تووشبوونی کۆرپەکە ، چونکە لە کۆرپەدا نەخۆشیەکە مەترسیدار ترە.
هەروەها ئەو کەسانەی تامیسک بێزاری کردوون ساڵانە سەروو شەش جار تووشیان ئەبێ ، پێویستە ڕۆژانە بۆ ماوەی ٦ مانگ-ساڵێک دەرمانی دژە ڤایرۆسی وەربگرن بۆ کەمکردنەوەی ژمارە و قورسی تووشبوونەکە.
د.شڤان عمر صدیق
پزیشکی نیشتەجێی دێرینی پێست