17/09/2025
بەرزکردنەوەی جيوب (Sinus Lift) چییە؟
بەرزکردنەوەی جيوب بریتییە لە نەشتەرگەرییەک کە لە شەویلگەی سەرەوە ئەنجام دەدرێت بۆ زیادکردنی بڕی ئێسک بۆ چاندنەوەی ددان بەتایبەتی کاتێک کە کەمبوونەوەی ئێسک بەهۆی لەدەستدانی ددان یان نەخۆشی پووکەوە بووەتە هۆی نەبوونی بەرزی پێویست. لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا، پزیشکی نەشتەرگەر کونێکی بچووک لە ئێسکی شەویلگەدا دروست دەکات بۆ بەرزکردنەوەی پەردەی جیوب و شانەکەی. پاشان، ماددەی پڕکەرەوەی ئێسک دەخرێتە ناو بۆشاییەکە، کە بنەمایەک دروست دەکات بۆ گەشەی ئێسکی نوێ بۆ پاڵپشتییەکی پتەوی چاندنی ددان.
بۆچی بەرزکردنەوەی جیوب پێویستە؟
کەمبوونەوەی ئێسک: باوترین هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی جیوب بریتییە لە کەمبوونەوەی بەرچاوی ئێسک لە شەویلگەی سەرەوە، کە دەکرێت دوای لەدەستدانی ددان یان بەهۆی نەخۆشی پێشکەوتووی پووک (periodontal disease) ڕووبدات.
نەبوونی ئێسکی پێویست بۆ دان چاندن: کاتێک ئێسکی شەویلگەی سەرەوە زۆر تەنک یان کورت بێت، بڕی پێویست ئێسک نابێت بۆ جێگیرکردنی چاندنی ددان بە شێوەیەکی سەلامەت.
نزیکیی جیوبەکان: جیوبەکانی شەویلاگی سەرەوە (maxillary sinuses)، کە لەسەرەوەی ددانە خرێ و پێشە خرێکانە لەوانەیە زۆر نزیک بن لە شەویلگە، ئەمەش پێویستی بە زیادکردنی ئێسک دەبێت بۆ جێگیربوونی دان چاندنەکە.
چی ڕوودەدات لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا؟
ئامادەکاری: پزیشکی نەشتەرگەر بڕینێک لە پووکدا دەکات و بە وریاییەوە کونێکی بچووک لە ئێسکی شەویلگەدا دروست دەکات بۆ گەیشتن بە جیوبەکە.
بەرزکردنەوەی پەردە: پەردەی تەنکی ناوپۆشی بۆشایی جیوب بە هێواشی پاڵ دەنرێت یان "بەرز دەکرێتەوە" بۆ دروستکردنی بۆشایی.
پڕکردنەوەی ئێسک: ماددەی پڕکەرەوەی ئێسک، کە دەکرێت لە جەستەی خودی نەخۆشەوە بێت یان لە بەخشەرێکەوە بێت، دەخرێتە ناو بۆشاییە تازە دروستکراوەکە لە ژێر پەردەی بەرزکراوەی جیوبەکەدا.
داخستن: پاشان شانەی پووک بە دوورینەوە دادەخرێتەوە بەسەر شوێنەکەدا.
چی ڕوودەدات دوای نەشتەرگەرییەکە؟
ماددەی ئێسکی زیادکراو بە تێپەڕبوونی کات وردە وردە لەگەڵ ئێسکی شەویلگەی بوونیادنراو تێکەڵ دەبێت، و پێکهاتەیەکی پتەو و چڕ دروست دەکات.
پرۆسەی چاکبوونەوە بە گشتی چەند مانگێک دەخایەنێت، پاشان دەکرێت دانەچاندنی ددان دابنرێت.
کاریگەرییە لاوەکییە ئەگەرییەکان بریتین لە هەڵاوسان، کەمێک خوێنبەربوون لە لووت یان دەم، و ناڕەحەتی لە ناوچەی پووکدا.
ئەم کردارە ئاڵۆزەو تەنها پزیشکی پسپۆڕ ئەبێت پێی هەستێ بەڵام زۆرکات ئومێدی چاندن ئەگێڕێتەوە بۆ کەسانێک کە لەبەر شۆڕی جیوبەکان یا نەمانی ئێسک چاندنیان بۆ ناکرێ
د.هەرێم