15/02/2026
بۆ ١٥ی ٢، ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجەی منداڵان و مێردمنداڵان
شێرپەنجەی منداڵان تەنیا نەخۆشییەک نییە؛ گەشتێکە پڕ لە ئازایەتی، گەشتێک کە نە خۆت و نە خێزانەکەت پلانتان بۆ دانەناوە... لە عەدەمەوە بلیتێکی گەشت بۆ کوێ؟ تا کەی؟ کێ هاوسەفەرت دەبێت؟
هەر منداڵێک کە ڕووبەڕووی شێرپەنجە دەبێتەوە، ئازایەتییەک پیشان دەدات کە هەموومان سەرسام دەکات. ئەوان بەرگەی چەندین بینینی پزیشک و پەرستار و بەرگی سپی دەگرن، چیتر نەترسان لە دەرزی، زنجیرەیەکی دوورودرێژ لە پشکنین، چارەسەر و شەو و ڕۆژانی درێژی نەخۆشخانە دەگرن، بە هێزێک کە زۆرجار تێگەیشتنی ئەستەمە و بە توانایەک کە لە تەمەنیان زیاترە. بێ ئەوەی خۆیان بزانن یان درکی پێ بکەن، فێرمان دەکەن چۆن ئێمەش بەردەوام بین و چۆن بەهێز بمێنینەوە.
ڕاستە منداڵێک تووشی شێرپەنجە دەبێت، بەڵام شێرپەنجەکە تەنیا یەک منداڵ ناگرێتەوە، بەڵکوو دەچێتە ناو هەموو ماڵەکەوە.
دایکێک ترسێکی نهێنی لە دڵیدا هەڵدەگرێت، بەڵام هەوڵ دەدات بەهێز بێت، ئاخر ئەو ڕووگەیەکە کە خۆشی و ناخۆشیی خێزانی پێ دەپێورێت. باوکێک لەنێوان هیوا و بەرپرسیارێتییەکاندا هاوسەنگی دەپارێزێت؛ خەندەی هەموو هەستانەوەیەکی پاش کەوتنێک، وانەیەکە بۆ هەموو خێزانەکە. برا و خوشکەکانی زووتر و خێراتر لە پێویست گەورە دەبن، فێری ئارامی و قوربانیدان دەبن، چیتر وەک جاران خەو و خۆراک و چوونەدەرەوەیان ویست و کات بە تەنیا دیاری ناکات. باپیر و داپیر، خزم و دۆست و هاوڕێ؛ بازنەیەکی گەورەتر و بەرپرسیارێتیی هەر یەکە و بە جۆرێک لەم گەشتەدا ڕۆڵی خۆی ئەگێڕێت.
شێرپەنجەی منداڵان نەخۆشییەکی خێزانییە. وەک کۆمەڵگە، وەڵامدانەوەمان زۆر گرنگە؛ دڵسۆزی گرنگە، پشتگیرییە ڕاستەوخۆکان پێویستن. ژەمێک خواردن، مامەڵەیەکی مرۆیانەی بەڕێوەبەر و سەرکار بۆ باوانی منداڵەکە، پەیامێکی دڵنەواز، یارمەتیی دارایی، ڕێگەدان بە منداڵ بۆ بەشداری لە قوتابخانە کاتێک دەتوانێت، دروستکردنی تیمی لێپرسینەوە و هەواڵزانین و پشتگیری، نامەیەک، خولەکێک لە دەنگێکی دۆستانەت؛ هەر هەنگاوێک بیسەلمێنێت تۆ تەنیا بینەر نیت، گرنگ و پێویستە…
وەک پزیشکێک یان کارمەندێکی تەندروستی کە لە بواری شێرپەنجەدا خزمەت دەکەین، بەرپرسیارێتیمان زیاترە لە تەنیا پلانی چارەسەر و بەدواداچوون. ڕاستە ئێمە بۆ چاکبوونەوە دەجەنگین... بەڵام بۆ بەخشینی ژیانێکی باش لەڕووی چۆنێتییەوە خۆمان ساز دەکەین. ئامانجمان تەنیا نەهێشتنی نەخۆشییەکە نییە، بەڵکوو پاراستنی گەشە، فێربوون، کەرامەت و بەخشینەوەی داهاتوویانە.
ئامانجمان تەنیا مانەوەیان نییە بۆ ژیان، بەڵکوو ئامانجمان ئەوەیە منداڵێکی بەهێز، فێربوو و پشتگیریکراو بگەڕێنینەوە بۆ ناو کۆمەڵگە؛ مرۆڤێکی بەرهەمهێن کە بتوانێت بەشدار بێت، داهێنەر بێت و هیوابەخش بێت؛ نموونەیەک بێت خەڵکی چاوی لێ بکەن.
لە پشت هەر منداڵێکی چاکبووەوە، خێزانێک هەیە کە هەرگیز هیوا لەدەست نادات. لە پشت هەر پلانی چارەسەرێکەوە، تیمێک هەیە کە کۆڵنەدان ئامانجێتی و لەپاڵ زانستەکەیدا چاودێرێک (رقیب) بەسەر خۆیەوە دادەنێت تا دڵسۆزانەتر بجەنگێت.
کۆمەڵگەیەک دروست دەکەین کە بەخشین، کۆمەک، دەستگیرۆیی و خەمی دەستەجەمعی بونیادیان دەکات
با بیرمان بێت: کاتێک پشتگیریی منداڵێک دەکەین کە شێرپەنجەیەکی هەیە، پشتگیریی هەموو خێزانەکە دەکەین. و کاتێک منداڵێک چاک دەکەینەوە، داهاتووی هەموو کۆمەڵگەکەمان بەهێز دەکەین.
ئامارە جیهانییەکان پێمان دەڵێن کە ٨٠-٨٥ لە سەدی ئەوانەی بەشداریی ئەم جەنگە دەکەن سەردەکەون... دەبن بە پاڵەوان …
بە هیوای تەندروستیی باش بۆ منداڵانی هەموومان و چاکبوونەوەی نەخۆشەکانمان و چاوڕوونی و دڵئارامی بۆ باوانیان