30/03/2026
سووڕانی گوون چییە؟
- سووڕانی گوون یەکێکە لە حاڵەتە تەوارییەکان و پێویستە بە زووی تەشخیس بکرێت و نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
- لە ھەموو تەمەنێکدا ڕووئەدات بەڵام بەزۆری لە نێوان تەمەنی ١٢-١٨ ساڵیدا ئەبێت.
- ھۆکارەکانی :
١) گوونی دانەبەزیوو بۆ ناو توورەکەی گوون.
٢) شێواوی گوونی بێڵ کلاپەر.
٣)زەبری دەرەکی کاتێک بەر توورەکەی گوون ئەکەوێت.
٤)ھەندێ کات لە کاتی وەرزش و جوڵەی زۆری منداڵ ڕووئەدات.
- نیشانەکانی بریتین لە:
١) منداڵەکە ھەست بە ئازارێکی زۆری لەناکاوی گوونی ئەکات(لە کاتی خەودا منداڵەکە خەبەر ئەکاتەوە).
٢) ئاوسانی گوونە سووڕاوەکە.
٣) ھەندێ کات ڕشانەوە و ئازاری ناو سک.
- چارەسەر:
١) پاش دڵنیابوونەوە لە سووڕانی گوون، پێویستە ڕاستەوخۆ نەخۆشەکە ببرێت بۆ ھۆڵی نەشتەرگەری بۆ ئەوەی سووڕانی گوونەکە پێچەوانە بکرێتەوەو لە ڕەشبوونەوە بپارێزرێت، پاشان ھەردوو گوونەکە تەسبیت بکرێن.
٢) بەڵام ئەگەر گوونە سووڕاوەکە ڕەشبوبێتەوەو خوێنی بۆ نەگەڕایەوە ، پێویستە گوونەکە لاببرێت و گوونەکەی تر تەسبیت بکرێت.
- تێبینی:
+ تکایە دایک و باوکان ئەگەر منداڵەکەتان ئازاری لە ناکاوی گوونی بۆ ھات ، ڕاستەخۆ سەردانی پزیشک و نەخۆشخانەی تەواری بکەن چونکە دواکەوتنی دەبێتە ھۆی ڕەشبوونەوەی گوونەکە بەتایبەت دوای ٦ کاتژمێر لە سەرەتای سووڕانی گوونەکەوە .
+ لە داھاتوودا کوڕەکە پێویستە پشکنینی ھۆڕمۆن و تۆو ئەنجام بدات بۆ دڵنیابوون لە ئیشکردنی گوونەکە.