29/01/2026
ئەم هەڵانە مەکە بۆ ئەوەی زوو زوو نەخۆش نەکەویت!
سیستمی بەرگریی جەستە بەجۆرێک دروستکراوە کە توانای تێکشکانی میکرۆبەکانی هەیە، هەر تێکچوونێکیش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوکردن و کۆمەڵێک لێکەوتی مەترسیدار کە ژیانی کەسەکە دەخەنە مەترسییەوە. بەتایبەت هەندێک هەڵە هەن کە رۆژانە دەکرێن و بەرگریی جەستە لاواز دەکەن.
⛔ دانانی برژانگی دەستکرد بەرگریی جەستە لاواز دەکات کە ئێستا زۆر باوە، چونکە هەندێکجار ئەو مادەیەی برژانگی دەستکردی پێ دادەنرێت هەستیاری دروستدەکات و کەسەکە باری تەندروستیی تێکدەچێت و ناتوانێت هەناسە بدات. یاخود لەکاتی دانانی برژانگەکە کەسەکە ناتوانێت چاوی پاک بکاتەوە یاخود برژانگەکان پاک بکاتەوە، ئیدی کۆمەڵێک میکرۆب لەسەریان کۆدەبنەوە و چاو ناتوانێت بەرگریی لەخۆی بکات و هەوکردنی تووشدەبێت.
⛔ گریان بەشێکی گرنگە لە سیستمی بەرگریی جەستە، کاتێک مرۆڤ تووشی دۆخێکی نالەبار و خەماوی دەبێت، پێویستە بە گریان خۆی بەتاڵ بکاتەوە لەو هۆڕمۆنە کۆرتیزۆڵەی دەڕژێت، بەڵام ئەگەر نەیتوانی بگریێت، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیادکردنی لێدانی دڵ هەتا رەنگە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵیش. هەر بۆیە دەکرێت کەمگریان بە هۆکارێکی زیادبوونی جەڵتەی دڵ لەنێو پیاوان دابنێین.
⛔ مووی لووت پێکهاتەیەکی کاریگەرە بۆ فیلتەرکردنی پیسیی نێو هەوا. ئەگەر مووی لووت لاببرێت ئەوا فیلتەرەکە نامێنێت و کەسەکە بە ئاسانی تووشی نەخۆشی دەبێت، چونکە میکرۆبەکان بە ئاسانی دەچنە نێو سییەکان. تەنانەت لەکاتی لابردنەکەشدا دەشێت لە شوێنی رەگی مووەکاندا کۆمەڵێک میکرۆب کۆببنەوە و هەوکردن دروستببێت.
⛔ دەرزیی سپیکردنەوەی پێست کە ئێستا لە سۆشیاڵ میدیاکان ترێندە و کەسانێکی زۆر بە نازانستی بەکاردەهێنن، وا دەکات بەرگریی جەستەی لاواز بێت، چونکە ئەو دەرزییە میلانین تێکدەشكێنێت کە فەرمانی پێدانی رەنگی تۆخە بە پێست. بەڵام کە ئەم رەنگە کاڵ دەبێتەوە بەو دەرزییە، ئەوا کەسەکە دەشێت زۆر بە ئاسانی تووشی شێرپەنجەی پێست ببێت.
د. ساکار ئەحمەد
پسپۆڕی بەرگریزانیی جەستە و مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکیی سلێمانی