28/09/2025
فلۆراید کانزایەکە بە سروشتی لە سروشتدا ھەیە، یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ددانەکان لە کلۆر بوون و لەناوچوون بە شێوەیەک ددانەکە دەپارێزێت لە ترشەکانی بەکتریا و شەکرەکانی ناو دەم.
فلۆراید ڕێژەیەکی کەمی لە خۆراک و ئاوی خواردنەوەدا ھەیە بەڵام بڕی پێویست لە ھەویری ددان وغەڕغەرەی دەمدا بەردەستە . بە شێوەیەکی گشتی پزیشکی ددان فلۆراید بە ڕێژەیەکی زۆر بەکاردەھێنت بۆ چارەخوازەکان کە بە شێوەی جێڵێک یان کەفێک یان وەک ڤارنیش (کە بە شێوەی ڕوپۆشێکی ڕۆشنە) دەردەکەوێت.
بەڵام بڕی زۆر فلۆراید ئەتوانێ ببێتە ھۆکاری مەترسی تەندروستی،خۆشبختانە ئەو بڕەی لە ھەویری ددان ھەیە سەلامەتە و کەمترین کێشەی تەندروستی لێدەکەوێتەوە.
ھەروەھا ، فلۆراید ڕۆلی گرنگی ھەیە لە گەشەکردنی ددانەکانی مناڵان بەتایبەت ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان شەش مانگ بۆ شازدە ساڵە کە ماوەی گەشەکردنی ددانە سەرەتای و ھەمیشەیەکانە، لەبەر ئەوەی فلۆراید ھاوکارە بۆ بەھێزکردنی ئینامێڵی ددانەکان (چینە دەرەکی و ڕەقەکەی ددانە) ، ھەروەھا کەمکردنەوەی بەرھەمھێنای ترشەکان بۆ پاراستنی ددانەکان لە کلۆر بوون
لەزۆربەی شار و وڵاتەکان ، حوکمەت ھەوڵدەدات فلۆراید دابین بکات بۆ ئاوی خواردنەوە، کە ھۆکارە بۆ دابەزینی ڕێژەی کلۆر بوونی ددانەکان بە ڕێژەی ٢٥٪ .