24/02/2023
چۆن واز لە جگەرەکێشان بهێنم 🚬؟
How to quit smoking
بابەتێکی تەندروستی زۆر گرینگە، هیوادارم سودی لێببینن.
✳️ پێشەکی ::
_________
⬅️ کێشانی جگەرە یاخود هەڵمژینی دووکەڵی سوتانی تووتن To***co جا بە شێوەی جگەری ئاسایی بێت یاخود نەرگیلە ، گاریگەری تەواو لەسەر سیەکان و ئەندامەکانی تری جەستە بە گشتی دروست دەکات.
* بە گوێرەی داتایەکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە ساڵی ٢٠٢٠، ڕێژەی لە ٢٢.٣٪ دانیشتووانی زەوی جگەرەکێشن ، ساڵانە جگەرەکێشان و ماکەکانی دەبێتە هۆی مردنی زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس.
◀️ دیارترین ئەو نەخۆشیانە چین کە بەهۆی جگەرەکێشانەوە مرۆڤ تووشیان دەبێت ؟!
١- گیران و تەسکبوونەی بۆریەکانی هەوای درێژخایەن
COPD
٢- شێرپەنجەی سییەکان
٣- تەسکبوونەوە و گیرانی بۆریەکانی دڵ و خۆێنبەرەکان
٤-سەکتەو جەڵدەی مێشک
٥-شێرپەنجی میزەڵدان و سورێنچک
٦-زۆرێک نەخۆشی تر
◀️ ئایا هەموو جگەرە کێشێک تووشی شێرپەنجەی سیەکان دەبێت؟!
نەخێر ، تەنها لە ١٥-٢٠٪ ئەو کەسانەی جگەرە دەكێشن تووشی دەبن بەڵام لە ٩٠٪ توشبوونی شێرپەنجی سیەکان لە جگەرەکێشەکان( واتا لە ١٠ کەس کە تووشی شێرپەنجی سییەکان بوون ، ٩ کەسیان جگەرە کێش بوون یاخود جگەرەکێشن ).
⬅️ ئایا تا چەند ساڵ لە وازهێنان لە جگەرەکێشان مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە وەک کەسی جگەرە نەکێش ئاسایی دەبێتەوە !؟
بەگشتی پێوستی بە ٣٠ ساڵە تاوەکو وەک کەسێکی لێبێت کە قەت جگەرەی نەکێشاوە.
◀️ لە چی تەمەنێک واز لە جگەرەکێشان بهێنم باشە !؟
لە تەمەنی ٢٥ ساڵی لەو کەسانەی کە لە هەرزەکاریدا فێری جگەرەکێشان بوون بەڵام وازهێنان لە دوای ٦٥ ساڵیەوە هیچ کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر فرمانی سیەکان و لێکەوتەکانی نابێت.
⬅️ ئایا هیچ بڕە جگەرەکێشانێک سەلامەتە !؟
لەڕووی زانستی پزیشکەیەوە هێچ بڕە جگەرەکێشانێک تەندروست نی بەڵام بڕی کێشانەکە و ماوەی جگەرە کێشانەکە گاریگەری لەسەر سیەکان و زووتر دەکەوتنی نەخۆشیەکان دەبێت.
⬅️ ئایا نیکوتین کە مادەی ئالودە کەرە لەناو جگەرەدا بۆ تەندروستی مرۆڤ پێویستە !؟
پێوستی مروڤ بۆ نیکوتین زۆر کەمە کە ئەو بڕە لە خواردنی پەتاتە و تەماتە و باینجان و جەرەساتەوە دەست دەکەوێت.
⬅️ لە ڕووی زانستی پزیشکیەوە نیکۆتین بۆ چ جۆرە نەخۆشیەکە بەسودە ؟!
هەندێ سەرچاوە باس لە کاریگەری ئەرێنی نیکۆتین لەسەر هزری مرۆڤ و هەندێ نەخۆشی تر وەک ئەلزایمەر و خڵەفان و هەوکردنی درێژخایەنی کۆڵون دەکەن.
⬅️ ئایا گەڵای توتن ئەوەندە ژەهراویە بە وێنەی خواردنی ئەو سێوەی کە حەزرەتی ئادەمی لە بەهەشت بە دەرکردن دا !؟
توتن دەگەڕێتەوە بۆ خێزانی tobbaco nicotina کە بڕێکی زیاتر لە نیکوتینان تێدایە بەراورد بە گەڵاکانی وەک تاڵیشکە و سڵق و هتد
⬅️ مادە ژەهراویەکانی یاخود توشکەرە شێرپەنجەیەکان carcinogens چین لە توتندا !؟
لانی کەم ٧٠ مادەی مەترسی دار هەیە لە توتندا بەتایبەتی بە هۆی سوتانی توتنەکەوە لە کاتی جگەرە کێشاند لەوانە :
نیکۆتین ، تار ( قەتران )، قورقوشم، ئامۆنیا، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و هتد
◀️ ئایا نێرگەلە کێشان سەلامەترە لە جگەرەی ئاسایی !؟
نەخێر .. هەردووکیان سوتانی تووتن و هەڵمژینی دوکەڵەکەیەتی، بەڵکو زۆر جار تەنها یەک نەرگیلە بەرامبەر کێشانی ٦٠-٧٠ جگەرەیە ئەگەر کەسەکە بە تەنیا بیکێشت.
🔁 بەشی دووەم ::
_____________
٨ ڕێگە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان >>
🔴 ڕێگەچارەی گشتی >> بۆ ئەو کەسانەی ماوەی کەمتر لە ١٠ ساڵە جگەرەکێشن و بە تێکڕای کەمتر لە ١٠ جگەرە لە ڕۆژو شەوێکدا:
١- بوونی هۆکارێکی قەناعەت پێکەر و ئیرادەیەکی بەهێز بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان جا ئەوەش لە ڕێگەی خوێندنەوەی بابەتێک بێت لەسەر زیانەکانی جگەرەکێشان یاخود دەرکەوتنی لێکەوتەکانی جگەرەکێشان بێت لەسەر کەسکە یاخود کەسێکی نیزیکی تووشی نەخۆشی و شێرپەنجە بووبێت.
٢-دوورکەوتنەوە لە پاڵنەرەکانی جگەرەکێشان وەک چایخانە و کافتریاکان کە زۆرێک لە جگەرەكێش و نیرگەلەکێشەکان کۆدەبنەوە.
٣-دوورکەوتنەوە لەو هاوڕێیانەی جگەرەکێشن یاخود لە خێزاندا کەسێکی تری جگەرەکێش هەبێت ئەگەری سەرکەوتن لە وازهێنانەکە کەمدەکاتەوە.
٤-کەسێکی چالاک بە ، ڕۆژانە کات دەرخان بکە بۆ وەرزش کردن و ڕاهێنانە خاوکەرەوەکان وەک یۆگا کە یارەمەتی دەرە لە سەرکەوتنی وازهێنانەکە.
٥- خواردنی میوەکان و بنێشتی بێ شەکر لە کاتی حەز چوونەوە سەر جگەرەکێشان ( سوێبونەوە nicotin craving )، واتا خۆ گرتنەوەو خۆ مەشغوڵکردن تا ١٠-١٥ خولەک و ڕۆشتنی حەزەکە بۆ نیکۆتین.
🔴 ڕێگە چارەی پزیشکی یاخود دەرمان >>
٦- بۆ ئەو کەسانەی ئالودەی جاگەرکێشان و نیکۆتین بوون پێوستیان بە جێگرەوەی نیکۆتین Ni****ne replacement therapy
و هەندێ دەرمانی یارمەتدەرەی تر هەیە بۆ ئەوەی بە دوور بن لە دەرکەوتنی نیشانەکانی نەمانی نیکۆتین وەک ( تێکچوونی میزاج ، خەولێزڕان، نەمانی تەرکیز، توڕەبوون و قەلەقی و خەمۆکی هتد)کە بەگشتی لە دوای ٢-٣ لەدوای وازهێنان لە جگەرەکێشان دەردەکەوێت.
بۆ ئەم مەبەستە پێویستە کەسەکە لەسەر بەرنامەیەکی تایبەت بێت بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان لە ژێر چاوەدێری پزیشکدا.
بەکارهێنانی پاچی patches نیکۆتین بە ڕۆژ ,
هەروەها بۆ کاتی شەو و کاتی سوێبوونەوە craving بۆ نیکۆتین جوینی نیکۆتین بە شیوەی بنێشت یاخود جێل و حەپی ژێر زمان و پەمپی ناو لوت و ناودەم کە لە ٥٠-٦٠٪ ئەگەری سەرکەتنی وازهێنان لە جگەرەکێشان زیاد دەکات.
٧- دەرمانی نا نیکۆتینی Non-Ni****ne
کە دوو دەرمانی ڕێگە پێدراوی دژە خەمۆکیە Zyban ,(Bupropion ) هەروەها دەرمانی Varenicline ( Chantix) کە وەک دژە وەرگری نیگۆتین ئیش دەکات لە مێشکدا و ناهێڵێت بە شیوەیەکی کتوپڕ دابەزێت.
ئەم جۆرە دەرمانانە پێویستە دوو هەفتە پێش ڕۆژی وازهێنان لە جگەرەکێشان دەست بکرێت بە خواردنیان و لە ژێر ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕدا.
بەکارهێنانی هەردوو جۆرەکە لە دەرمان لە هەمان کاتدا ئەگەری سەرکەوتنی وازهێنان لە جگەرەکێشان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
٨- جگەرەی ئەلکترۆنی Electronic ci******es ( Va**ng)
هەمان بڕی نیکۆتینی جگەرەی ئاسایی تێدایە کە بەکارهێنەرانی تووشی ئالودەبوون دەکات ، توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە زۆرینەی ئەو کەسانەی دەستیان بە ڤەیپین کردووە پێشتر جگەرە کێش نەبوون و ڕێژەیەکیش لەو کەسانە دواتر تووشی جگەرەکێشانی ئاسایی بوون، بۆیە باشترە بەدوور بین لە کێشانی ئەم جۆرە جگەرانە بەتایبەتی چینی هەرزەکاران.
*هەندێک سەرچاوە ئاماژەی بە بەکارهێنانی جگەرەی ئەلکترۆنی دەکەن وەک ڕێگەیەک بۆ وازهێنان لە کێشانی تووتن بە مەرجێک کەسەکە لەناو بەرنامەیەکی وازهێنان لە جگەرەکێشاندا بێت واتا تەنها وەک جێگرەوەی نیکۆتین بۆ ئەو ماوەیە بەکاربهێنرێت .
🚬🚬🚬🚬🚬🚬🚬🚬🚬🚬
د.هەرێم کریم ئەحمەد 🫁
پسپۆڕی نەخۆشیەکانی هەناوی و دڵ و سییەکان