02/01/2026
کاریگەریەکانی سەرما لەسەر تەندروستی
نزم ونەوەی (١-٢ پلەی سەدی) گەرمی لەش مرۆڤ توشی هەست کردن بەسەرما دەکات.
ئەم خاڵانە پێویستە ڕەچاو بکرێن بۆ زیاتر خۆپاراستن لەسەرما:
١. داپۆشینی سەرو مل: زۆرکەس ئاگادارنین کە سەری مرۆڤ سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ لەدەست دانی گەرمی لەش (بەتایبەتی لە منداڵ)،لەبەرکردنی جل و بەرگی زستانە لەگەڵ بەکارهێنانی کڵاوو ملپێچ زۆر پێویستە، هەروەها گوێچکەو لوت زیاتر مەترسی کاریگەری خراپی سەرماو ڕەش بونیان هەیە.
٢. بوونی تەڕی لەش و هەواو ڕەشەبای سارد زۆر خێراتر پلەی گەرمی لەش دادەبەزێنن، کەدەبێت خۆپاراستنیان لێ بکرێت.
٣. نەخٶشەکانی حەساسیەتی قورگ و لوت وە ڕەبو (ئاسم) نیشانەکانیان توندتر دەبێت، وە لەوانەیە توشی گرژبونی بۆریەکانی هەوا ببن لەسیەکان وە دروست بونی تەنگە نەفەسی، کە دەبێت دەرمانی پێویست لەگەڵ خۆیان هەڵگرن بۆ کاتی پێویست.
٤. نەخۆشەکانی دڵ و بەرزی پەستانی خوێن و شەکرە مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ کاریگەریە خراپەکانی سەرما، کە سەرما دەبێتە:
• بەرزبونەوەی پەستانی خوێن: بەهۆی گرژبونی بۆریەکانی خوێن لە هەردو چوارپەلی مرۆڤ تاوەکو خوێن زیاتر بچێت بۆ ئەندامە سەرەکیەکان (مێشک، دڵ، جگەر...). کەواتە ساردبونی دەست وپێ زیاتر ڕودەدات لەم نەخۆشانە کە بەهۆی ڕەق بونی بۆریەکانی خوێن کە پێشتر خوێنی کەمتریان بۆچوە،
• دروست بونی لەرزینی دەست و پێ و دەم و چاو: بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی ووزەو گەرمیە کە دەبێتە زیاتر بەکارهێنانی ئۆکسجینی ناو خوێن وە مەترسی بۆ سەر دڵ و ئەندامە گرنگەکان دروست دەکات.
• خەست بونەوەی خوێن: مەترسی جەڵتە زیاد دەکات.
• وەرزشی بەیانیان لەسەرمادا زۆر خراپە بۆ ئەم نەخۆشانە وە دەبێت هەوڵ بدرێت پێش نانی بەیانی دوو پەرداخ ئاوی گەرم (یان لەگەڵ ئاوی لیمۆ) بوخرێتەوە وە ئاگاداری زیاتری پەستانی خوێن ببن پێش چوون بۆ شوێنی کار.
٥. خواردنەوەی ماددە کحولیەکان جگە لە تێکدانی هۆشیاری و ووریایی هەروەها پلەی گەرمی لەش دادەبەزێنێت.
٦. لەکاتی سەرمابونی توندی دەست و پێ وە دروست بونی ئازار تیایاندا، دەبێت بە شێوازێکی لەسەرخۆ وە کەم کەم ( وەکو ئاوێکی شلەتێن) گەرم بکرێنەوە وە لە گەرمای زۆر دوربخرێنەوە، هەروەها نابێت کاری شێلان وە لێکخشان بەکاربێت بۆ گەرم کردنەوەیان، وە لەکاتی ڕەش بونی پەنجەکان، لوت، گوێچکە دەبێت سەردانی نەخۆشخانە بکرێت.
٧. سەرما کاریگەری خراپی خێراترو زیاترە لە منداڵ وە پیر، بەهۆی گۆڕانکاری سروشتی لە لەشیاندا. کەدەبێت باشتر ئاگاداریان لێبکرێت.