12/09/2019
شیکاریەکانی فرمانی جگەر (Liver Function Tests(LFT)) چین وە سودەکانی چییە :- هەرتێکچونێک لە بڕی پرۆتین و ئەنزیمەکاندا نیشانەی بوونی گرفتە لە کاری جگەردا، گرفتەکانی جگەر هەوکردن یان بەمۆم بوونی جگەر، گیرانی بۆری زراو، شێرپەنجەی جگەر، لەکارکەوتنی جگەر بەهۆی دەرمان و ژەهراوەبوون و خواردنەوە کهولیەکانەوە ، هتد. کە چەندین گرفتی کاتی یان درێژ خایەن تووشی جگەر دەکەن.
** شیکاریەکانی فرمانی جگەر کۆمەڵێک شیکاری دەگرێتەوە کە هەریەکەیان بۆ دەستنیشانکردنی بارێکی دیاریکراو سوودی لێوەردەگیرێت:
١- شیکاری ((GPT)AlanineTransaminase (ALT)):ئەگەر جگەر بەباشیکارنەکات،بڕەکەی لە خوێندا زیاد دەکات و دەستنیشانکەرێکی باشی هەوکردنی لەناکاوی جگەرە ، ئەو کەسانەی کە تووشی گیرانی بۆری زراو یان بەمۆم بوونی جگەر بوون بڕی (ALT) یان کەمێک بەرزدەبێتەوە.
٢- شیکاری ((GOT)Aspartate Aminotransferase (AST)): بەرزی ڕێژەی (AST) ئاماژەیەکی باشە بۆ بوونی گرفت لە جگەر یان لە ماسولکەکاندا ، بەهەمان شێوەی (ALT) لەکاتی هەوکردن و بەمۆم بوونی جگەردا ڕێژەی (AST) زیاد دەکات، هەربۆیە شیکاریەکانی (AST)(ALT) پێویستە پێکەوە ئەنجامبدرێن ، هەروەها بڕی (AST) لەکاتی جەڵدەی دڵدا زیاد دەکات.
٣- شیکاری (Alkaline Phosphatase (ALP)): بەرزبوونەوەی بڕی (ALP) لە خوێندا دەکرێت بەهۆی گیرانی بۆری زراو یان نەخۆشی ئێسکەوە ڕووبدات ، لە هەندێک باری تایبەتی وەک دووگیانی یان منداڵدا لە قۆناغەکانی گەشەدا (بەهۆی گەشەی ئێسکەکانەوە) دەکرێت بڕی (ALP) زیاد بکات کە زیادبوونێکی ئاساییە.
٤- شیکاری زەردووی (Bilirubin): بلیرۆبین (Bilirubin) پاشماوەیەکی کیمیاییە کە پاش تێکشکانی خرۆکە سوورەکان دروست دەبێت و لەلایەن جگەرەوە شیدەکرێتەوە و فڕێ دەدرێتە ناو پیساییەوە ، جگەری نەخۆش توانای شیکردنەوەی بەباشی نامێنێت و دەبێتە هۆی کەڵەکە بوونی بلیرۆبین (Bilirubin) لە لەشدا و زەردبوونی ژێر چاو پێست.
٥- شیکاری (Gamma-Glutamyl Transferase (GGT)): یارمەتیدەرە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری زیادبوونی بڕی (ALP) ، ئەگەر (GGT)(ALP) پێکەوە بەرزبوون نیشانەیە بۆ نەخۆشی جگەر و زراو ، ئەگەر تەنها (ALP) بەرزبێت و (GGT) ئاسایی بێت نیشانەیە بۆ بوونی گرفت لە ئێسکدا. لەوکەسانەی کە خواردنەوە کهولیەکان و هەندێک جۆری دەرمانی زیانبەخش بە جگەر زۆر بەکاردەبەن بڕی (GGT) لە بڕی ئاسایی زیاترە.
٦- شیکاری (Albumin)(Total Protein): یەکێک لە فرمانەکانی جگەر بەرهەمهێنانی پرۆتینە ئەم دوو شیکاریە سوودیان لێ وەردەگیرێت بۆ ئەوەی بزانرێت بڕی بەرهەمهێنانی پرۆتینەکان لەلایەن جگەرەوە ئاساییە یان نا.
*هەندێک بارودۆخ هەن دەکرێت ببنە هۆی نائاسایی بوونی یەکێک یان زیاتر لە شیکاریەکان وەک (دووگیانی ، سووتان ، هەوکردنی تووند ، ڕەقبوونی ماسوولکەکان ، شیبوونەوەی خرۆکە سوورەکان، وشکبوونەوە) کە کاتین و پاش تێپەڕینی باروودۆخەکە ئەنجامی شیکاریەکە ئاسایی دەبێتەوە.
کەی پێویستە شیکاریەکانى فرمانی جگەر ئەنجامبدرێت؟
١- لەکاتی نەخۆشیەکانی جگەر یان چاندنی جگەر پێویستە چەند مانگ جارێک ئەنجام بدرێن.
٢- لەکاتی توشبوون هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی (Hepatitis C)(Hepatitis A)(HepatitisB.
٣- لەکاتی زیاد بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی کە زیانی لاوەکی هەیە بۆ جگەر ، باوترینیان وەک پاراستۆڵ (Paracetamol).
٤- لەکاتی ژەهراوەبوون.
٥- لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشی جگەر کە باوترینیان زەردووییە (Jaundice).
٦- زۆر بەکاربردنی خواردنەوە کحولیەکان.
٧- بوونی گرفتی زراو و لابردنی زراو.
٨- لەکاتی بوونی نەخۆشیەکانی جگەر لە ئەندامێکی نزیکی خێزاندا.
٩- لەکاتی هەندێک باروودۆخی وەک (شەکرە ، بەرزی فشاری خوێن، کەم خوێنی بەردەوام ، بەرزی ڕێژەی چەوری سیانی).
فرمانەکانی جگەر چین:-
١- پاککردنەوەی خوێن لە ماددەزیانبەخشەکان و پاشماوەی دەرمان و ژەهر ، گۆڕينی پێکهاتەی ماددە زیانبەخشەکان بەلەش.
٢- پاشەکەوتکردنی کانزاکان و ڤیتامین و وزە.
٣- دروستکردنی چەندین پرۆتین و ئەنزیم و کۆلسترۆڵ و دەرداوی زراو و چەندین پێکهاتەی گرنگی تر.
٤- ڕێکخستنی سیستمی مەیاندنی خوێن و دروستکردنی هۆکارە یارمەتیدەرەکانی سیستمی مەیاندنی خوێن.
٥- گۆڕینی خۆراکە ماددەکان بۆ پاشاکەوت کردنیان یان فڕێدانە دەرەوەیان.
٦- یارمەتی ڕێکخستنی بڕی شەکرە و هۆرمۆنەکانی لەش دەدات.
نیشانەکانی تێکچوونی فرمانی جگەر:
بەگشتی توشبوانی نەخۆشیەکانی جگەر لە سەرەتای توشبوونیاندا هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرناکەوێت، تا چەندساڵێک دواتر
١- ماندوێتی و بێهێزی.
٢- دڵ تێکەڵاتن و ڕشانەوە.
٣- زەردووی (Jaundice) زەردبوونی پێست و چاو.
٤- کۆبوونەوەی ئاو لە سکدا (Ascites).
٥- دابەزینی کێش.
٦- گۆڕانی ڕەنگی دەرهاویشتەکانی لەش (تۆخ بوونی ڕەنگی میز)(کاڵ بوونی ڕەنگی پیسایی).
٧- سکچوون.
٨- ئازاری سک.
٩- خوێن بەربوونی ناوەکی یان تۆپەڵ بوونی خوێن لەناو لەشدا.
١٠- خورانی پێست بە جۆرێک ناتوانیت خۆت بگریت لە نەخوراندنی (Pruritus).
شیکاریە پەیوەندارەکان:
١١- شیکاری ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر (Hepatitis A, B, C).
لە تاقیگەی زانست - بە پێشکەوتووترین ئامێری تاقیگەیی جیھازی ئەمریکی لەلایەن ستافێکی شارەزا و بە ئەزموون شیکاریەکانی فرمانی جگەر(Liver Function Tests) ئەنجامدەدرێت.
لە کاتژمێر 1 ی دوا نیوەرۆ تا ٨ شەو تاقیگە کراوەیە. ژ م «٠٧٥٠٣٣٠٥٤٥٣»
ناونیشانی قەڵادزێ - ناوەندی پزیشکی قە ڵادزی - تاقیگەی زانست -خوار مزگەوتی شێخ عبدالقادرى گەیلانی. بە ھیوا تە ندروستیەکی باش بۆ ھەموولایەک .