03/08/2020
ماڵئاوا
مەرجی مرۆڤی دروست، ڕاستگۆیی، خاوه‌ن په‌یمان، ڕه‌وشت به‌رزی و گوێگرتنە لە ئەزموونی کەسانی پێش خۆی، تا بتوانێت لە ژیاندا بەختەوەر بێت و سوود بە مرۆڤایەتی بگەێنێت.
له‌وه‌ته‌ی په‌روه‌ردگار مرۆڤی دروستكردووه، بەپێی گۆڕان و گەشەکردنی مرۆڤایەتی، چه‌ندین مرۆڤی زانا‌و به توانا‌و فه‌یله‌سوفی بۆ مرۆڤایەتی خوڵقاندووە. ته‌نانه‌ت په‌یامبه‌ری بۆ ناردوون، بۆ ئه‌وه‌ی كاری باش بكه‌ن و خۆیان له خراپه به دوور بگرن. هه‌رچه‌نده مرۆڤ بۆ بژێوی ژیانی سه‌رقاڵی كاركردن، دروستكردن و داهێنان بووه، له‌و پێناوەشدا، ده‌ستی كردووه به دروستكردنی ماڵ و خێزان و گه‌ڕاوه به شوێن خۆشگوزه‌رانیدا، هه‌موو پێداویستییه‌كانی پێشكه‌وتنی مرۆڤایەتی بۆ گشتمان ھێناوەتە بەرھەم. ڕاسته كاری نموونه‌یی، ده‌گمه‌ن (چوونه سه‌رمانگ) و باشی كردووە‌و شارستانی پێشكه‌وتووی دروست كردوووه. به‌ڵام هه‌میشه به‌ده‌ستی خۆی ئه‌وه‌ی ناشیرین و ناشایسته بووه كردوویه‌تی، ته‌ڕو هیشكی پێكه‌وه سووتاندووه! کارە باشه‌كان و بەدەکان گشتیان شاكاری ده‌ستی مرۆڤن.
هه‌رچه‌ند بیری لێده‌كه‌مه‌وه، نازانم بۆچی مرۆڤی كورد، رۆح له مرۆڤێكی دی ده‌رده‌هێنرێت و ده‌یكوژێت؟ یان به ئه‌نقه‌ست تووشی نه‌خۆشییه‌كی وه‌ك كۆرۆنای ده‌كات! له‌كاتێكدا هه‌مان زمان، ئاین، كەلتوور، خاك و نیشتیمانیان وەک یەکیان هه‌س؟ بۆچی ئه‌وه‌نده ئاسانه رۆح و ژیان له جه‌سته‌ی یه‌كێكی دی‌دا ده‌ربهێنرێت؟ ئێمه‌مانانیش چه‌ندین شه‌ونخونی ده‌كه‌ین، ناره‌حه‌تی وناخۆشی و ماندووبوون ده‌چێژین له پێناوی رزگاركردنی تاكه رۆحێكدا.
كاتی ئه‌وه هاتووه كورد واز له جمێن دان، ناخ پیسی ویه‌كدی تێكشكاندن وكوشتن بهێنێت، بۆئه‌وه‌ی گه‌ر كۆرۆنا بهێڵێت به‌رووی سپیی وسه‌ری به‌رزه‌وه یه‌كدی به‌ڕێكه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌س به‌پێی خۆی ناڕوات و دێن ده‌مان به‌ن !
به‌رێزان، گه‌ر مرۆڤ بخوازێت، ده‌توانێت خۆی ئارام رابگرێت به تایبه‌تی له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆناو ته‌مه‌نی خوێنگه‌رمیدا، له‌و ته‌مه‌نه‌دا زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان كه‌للە ره‌ق، بێسه‌بر، زووهه‌ڵچوو، سه‌رلێشێواون وزۆربه‌ی هه‌ڵه‌كان له‌و ته‌مه‌نه‌دا ئه‌نجام دراون. هه‌ندێك كه‌س كه ده‌زانن تووشی كۆرۆنا بوو‌ن به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست كه‌سانی دی تووشی ده‌كەن، بێئه‌وه‌ی بیر له‌ده‌رئه‌نجامی كاره‌كه‌ی بكاته‌وه كه چ غەدرێکی لە بەرامبەرەکەی کردووە . كورد هه‌میشه كورت بین بووه، به‌ده‌گمه‌ن پێشبین بووه. به‌پێی توێژینه‌وه‌كان كه‌سایه‌تی مرۆڤ له گه‌ڵ ته‌مه‌نیدا گه‌شه‌ده‌كات، هه‌رچه‌نده پێش ٢٠١٨ واده‌زانرا كه گه‌شەكردنی مێشك له ته‌مه‌نی ١٥-١٦ ساڵیدا ده‌وه‌ستێت به‌ڵام پاشتر روون بووه‌وه كه مێشك تا ته‌مه‌نی ٢٧ ساڵی گه‌شه ده‌كات وپاشتر له گه‌شه ده‌وه‌ستێت. گه‌ر سه‌یری كه‌سایه‌تی وهه‌ڵسوكه‌وته سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كانی پێش ته‌مه‌نی ٢٧ ساڵی مرۆڤ بكه‌ین، تێ ده‌گه‌ین كه پاش ئه‌و ته‌مه‌نه چه‌نده گۆرانكاری گه‌وره رووده‌دات، كه ئه‌مانه‌ن:-
١- باوه‌ڕو متمانه به‌خۆبوون.
٢- كۆنترۆڵكردنی هه‌ست وسۆز وئاسایی بوو‌ن.
٣- دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ گیروگرفته‌كان.
نابێت ئه‌و راستییه‌شمان له بیر بچێت كه:-
-هه‌موو كه‌سایه‌تییه‌كان كه‌م یان زۆر بۆ ماوه‌یه‌ك (كاتێك) جینه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.
-به‌به‌راورد له گه‌ڵ جینه‌كاندا، ژینگه‌ی خێزانی كاریگه‌ری كه‌می هه‌یه.
-به‌شێكی زۆری جیاوازی كه‌سایه‌تییه‌كان له نێوان مرۆڤه‌كاندا هیچ په‌یوه‌ندییان به جینی سه‌ر كرۆمۆسۆمه‌كانه‌وه یان ژینگه‌ی خێزانییه‌وه نییه به‌ڵكو په‌یوه‌ندییان به ژینگه‌ی بڕیاردانه‌وه هه‌یه.
به‌ڕێزان، له سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا، خورافاتی ناحاڵییه‌كان وتێكه‌ڵكردنی ناحاڵیبوونی عه‌وام، فتوای ئاینی وتێنه‌گه‌یشتنی مرۆڤی كورد له توێژینه‌وه‌ی زانستیی بووه هۆی قه‌ناعه‌ت نه‌كردن به ده‌رئه‌نجامی توێژینه‌وه وراستییه‌كان، به‌داخه‌وه ئیمڕۆ زیانه‌كانی به زه‌قی ده‌بینرێت .
بێئه‌وه‌ی په‌ی پێ ببرێت هه‌ر مرۆڤ بوو ڤایرۆسه‌كه‌ی هێنایه كوردستان، ئه‌و هه‌موو زیانه ده‌روونیی، ئابووریی، ته‌ندروستیی وكۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی لێ كه‌وته‌وه كه كه‌سمان له‌بیرمان ناچێته‌وه. لێدانی زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، پاكوخاوێنی و خۆپاراستن له ڤایرۆسی كۆرۆنا بووبه به‌شێك له ڕابردوو.
به‌داخه‌وه به هۆی هه‌ڵه‌ی كاربه‌ده‌ستی بێ‌توانا وهاووڵاتیی گه‌وجێندراوه‌وه هه‌لێكی زێرینمان له ده‌ست دا، پێشوه‌خت ده‌مانتوانی خۆمانی بۆ ئاماده بكه‌ین، (٦ مانگ له‌مه‌وبه‌ر باسم كرد) ده‌مانتوانی ڕێ له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه بگرین، ده‌مانتوانی رێژه‌ی تووشبوون،مردووه‌كان كه‌متروسنووردارتربكه‌ین، ده‌مانتوانی زیانه ده‌روونی، ته‌ندروستی و ئابووریه‌كان فره كه‌م بكه‌ینه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ فره به توانایه، به‌ڵام به هه‌ڵه‌شه‌یی، له رقی یه‌كدی، ناخ و ده‌م پیسی، خۆخۆیی، بێ متمانه به‌یه‌كدی و بێتوانایی و ناحاڵیبوونمان له ڤایرۆسه‌كه تێكمانداو نه‌مانهێشت ونه‌مان ویست كۆنترۆڵ ی بكه‌ین تا خۆمان گه‌یانده ئه‌م ڕۆژه كه ماڵ نییه نه‌خۆشێكی تێدا نه‌بێت. خێزانێك نییه باری ده‌روونی و ئابووری دانه‌ڕمابێت، خێزانێك نییه زه‌رده‌خه‌نه وپێكه‌نین له‌سه‌ر لێوی ئه‌ندامه‌كانی مابێت، خێزانێك نییه ئه‌ندامه‌كانی نێوی شه‌و به كه‌ماڵی ئیسراحه‌ت چاو لێك بنێن، له‌به‌رئه‌وه ده‌توانین بێژین كه هه‌موومان خه‌تابارین.
توێژیاره ئینگلكیزه‌كان ئێژن كه: له ٢٠% هه‌موو كۆرۆناداره چاكبووه‌وه‌كان (نیشانه‌داروكه‌م نیشانه) له ماوه‌ی ساڵێكدا تووشی گیروگرفتی ته‌ندروستی گه‌وره ده‌بن به هۆی پیسبوونی خوێنه‌وه، سه‌ره‌تا تووشی جۆرێك نارێكوپێكی قسه‌كردن و ئازاری فره به‌هێز ده‌بن. پاشتر خراپبوونی باری ته‌ندروستی، ته‌نگه‌فه‌سی و هه‌ستكردن به گۆڕانكاری پێست ده‌رده‌كه‌وێت، له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت كۆرۆناداره‌كان ئاماده‌بن . پێویسته هه‌موو به‌رگری له‌ش به‌هێزتر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی تووشی كۆرۆنا نه‌بن، ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشبوون و چاكبوونه‌وته‌وه تا ٦ مانگ كۆرۆنا ناگرنه‌وه وه‌لێ كه‌س نازانێت ٦ مانگ پاشتر دووباره تووشی ڤایرۆسه‌كه ده‌بنه‌وه یان نا ؟ له ڕاستی دا هیچ گارانتییه‌كیش نییه ئه‌وه‌ی ٤٨ كاژێر پێش سه‌فه‌ر تێستی خۆی ده‌كات تا پێ ده‌خاته نێو فرۆكه تووش نه‌بێت .ئاوه‌ته‌خوازبووم زانستیانه وناعاتفیانه له كۆرۆنا تێ بگه‌یشتنایه، كورد ناخی پاك بكردایه‌وه و ئه‌وه‌نده‌ش جمێنتان به مردووه‌كان وبه یه‌كدی نه‌دایه، له‌به‌رئه‌وه‌ی خودا پێی ناخۆشه وخێرتان ناگات .
له كۆتاییدا داوای لێبووردن له هه‌موو نه‌خۆشه‌كان وكه‌سووكاریان ده‌كه‌م، گه‌ر وه‌ك پێویست یان شه‌وێك به هۆی ماندووبوون یان به سه‌رقاڵبوون به نه‌خۆشی تره‌وه نه‌متوانی بێت وه‌ك پێویست وه‌ڵامی هه‌موو كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كان (زێده‌تر له ٩٠ كۆرۆنادار) بده‌مه‌وه، به‌ڵام پاشتر رێنماییم كردوون، بێ ترس له‌ماڵه‌وه سه‌ردان وچاره‌سه‌ری ژماره‌یه‌كیشیانم كردووه، ده‌روونی هه‌موویانم هێور كردۆته‌وه، سوپاس بۆ خوا سه‌ر به‌رزم كه یه‌ك نه‌خۆشم به هۆی كۆرۆناوه كۆچی دووایی نه‌كردووە!
به‌رێزان باشتره ویژدانداربن، وره‌تان به‌رز بێت، رقتان له یه‌كدی نه‌بێت، دڵی یه‌كدی مه‌ره‌نجێنن، خۆتان ئاماده‌كه‌ن بۆكاره‌ساتی پاش چاكبوونه‌وه‌ی كۆرۆناداره‌كان، خۆتان به كه‌ڵكی یه‌كدی دێن. گه‌ر به‌رهه‌مبهێنرێت كوتان بۆ گه‌وره‌یه، باوه‌ڕناكه‌م دایكێك ئاماده بێت كوتانی كۆرۆنا له‌سه‌ر منداڵه‌كه‌ی تاقیبكرێته‌وه، ئاگاداریان بن وبیانپارێزن. كۆرۆنا به سیاسیی كرا، به‌های ئۆكسجینی خوداتان نه‌زانی كه‌وتنه ئۆكسجین كڕین، پلازما فرۆشراو له‌بری چاككردنه‌وه نه‌خۆشی كوشت، بێویژدانانه نرخی ده‌مامك، ده‌ستكێش، ئیسپرتۆ...تاد گه‌یشته ترۆپ، به‌ڵام له‌بیریان چوو كه كفنه‌كانیان گیرفانی نابێت، كه‌س نه‌مرییان پێ ڕه‌وا نابینێت .
له گه‌ڵ ڕێزی بێ ئەندازەمدا
د . زاهیر سوران
٣ ی ئابی ٢٠٢٠
*جمێن، ده‌ربڕینه بۆ به‌تاڵ كردنه‌وه‌ی هه‌ستی ده‌روونی شڵه‌ژاو .
*جمێن دان، زمان پیسی و بێ مۆڕاڵی